شیکردنەوە
فیلمەکە وەکو چیرۆکە ڕۆمانسیە سواو و لاساییکەرەوەکان نییە تەنھا باسی گەشتی دوو ئاشق بکات بەرەو پێکگەشتن و پێکەوەبوون و ئتر تەواو ببێ. بەڵکو پاراستنی ئەو خۆشەویستیە و گرنگی دان بە سۆز و ھەستی نێوانیان. ئەوەی چیرۆکەکەی زۆر بەچێژترکردووە ئەوەیە کە ھەرچەند زانستی خەیاڵیە بەڵام دەلالەت لە واقع ئەکات. 'تیم' کەسێکی زۆر ئاساییە. جوانییەکی مامناوەند، نە دەوڵەمەند نە پلەبەرز و نە ناودار. بە سەیرکردنی کارەکتەرەکە خۆت دەببنیتەوە نەک کارەکتەرێکی فیلمی ھۆڵیوود. ئێمە ھەموو وەکو تیم ئاسایین و ئەوەش ڕێگری ناکات لە بەدەستھێنانی ئەوەی دەمانەوێت. با ھەڵە بکەین، با بکەوینە بارودۆخی ئیحراجکەر، گرنگ كۆڵنەدان و ھەڵنەھێنانەوەی ئەو ھەنگاوە ھەلانەن. جگە لە خۆشەویستیە ڕۆمانسیەکەی، باس لە سۆزی نێوان خێزان دەکات. خۆشەویستی باوکێک بۆ کوڕەکەی و برایەک بۆ خوشکەکەی. لە ھەندێ شوێن وەکو بینەر بیرمان دەچێتەوە کە فیلمەکە ڕۆمانسیەتی نێوان کوڕێک و کچێکە. بیرمان تەنھا دەچێتە سەر سۆزی باوکێک کە باوکی تیم پەیوەندییەکی ھاوڕێیانەی گەرموگوڕی لەگەڵ کوڕەکەی ھەبوو و تەواوی ژیانی چاودێری کردووە کە گەورەبووە. کاتێکیش لە کۆتاییدا گەشتی کردەوە تا لەگەڵ تیمی منداڵ بۆ کۆتا جار یاری بکات، قورس بوو چاوەکانمان لە فرمێسک بگرینەوە. فیلمەکە خۆشەویستی خوشک و برایەکی پێ نیشانداین، کە سەرەڕای جیاوازبوونیان کاریگەری نەخستە سەر پەیوەندیە جوانەکەیان
فێرمان دەکات کە ناتوانین بە زۆر وا لە کەسێ بکەین خۆشی بوێین. با چەندە باشبین و چەند ھەلیان بدەینێ، ئەوەی بۆت دانراوە تەنھاوە ئەوە خۆشی دەوێی. (تیم) ھەموو ھەوڵێکی لە ڕازیکردنی چارلۆت دا بەڵام ھەر رازی نەبوو تا تیم ماری ناسی. ھەروەھا، پێمان دەڵێ ڕۆژەکانمان بە جۆرێک بەڕێبکەین وەکو ئەوەی لە داھاتوەوە گەڕابینەوە ئەوێ و بمانەوێ جیاواز بەڕێی بکەین. کە چێژی لە ھەموو چرکەیەک وەربگرین لەگەڵ ئازیزانمان وەکو ئەوەی کۆتا ڕۆژی ژیانمان بێ. ئاوات بە گەڕانەوە نەخوازین بۆ چاککردنی ھەڵەکانمان چونکە ئەوان ئێمەیان دروستکردووە. با ناتەواویەکانمان لە باوەشبگرین و قبولیان بکەین و شەرمیان لێ نەکەین وەکو چۆن دایکی تیم داوای لە ماری کرد شەرم لە کەموکوڕیەکانی نەکات، چونکە ئەوانە ژێانیان بەچێژترکردووە. گرنگی بە ھەموو کەسێکی چواردەورمان بدەین چونکە کە ڕۆشتن، ئیدی ناگەڕێنەوە. ھێندە خەمی بێ کێشەیی ژیانت و داھاتووت نەبێ، لە ئێستادا بژی و لەگەڵ ڕووداوەکاندا بڕۆ تا ژیان بۆ ھەر کوێیەکت دەبات کە لە چارەت نوسراوە